گالاکسی ئێس ١٠ – هەموو ئەوەی پێویستە بیزانیت سەرنجێک بنووسە

شتێکی دەگمەنە کە دەبینیت مۆبایلێک لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی بەکارهێنەراندایە، بەڵام سامسۆنگ گالاکسی ئێس ١٠ بێڕەحمانە ناوازەیە. لێرەدا باسی ئەوە کراوە کە چی تازە لەم مۆبایلەدا هەیە و چی وای لێدەکات باشترین مۆبایلی سامسونگ گالاکسی بێت تا ئێستا.

گالاکسی ئێس ١٠ نەوەی دەیەمی زنجیرەی مۆبایلە پێشڕەوەکانی ئێس-ی سامسونگە. ڕۆژی ٢٢ی ٢ی ٢٠١٩ لە پرێس کۆنفرانسێکی سامسونگدا ڕاگەیەنرا. ئەم مۆبایلە بۆ ساڵی ٢٠١٩ دوو هاوەڵی هەیە کە بریتین لە گالاکسی ئێس ١٠ ئی (S10e) کە ڤێرژنی لایت-ە Lite، هەروەها ئێس ١٠ پڵەس (S10+). لە هەریەک لە بوارەکانی دیزاین، کارکردن، وێنەگریی و شتی تریشدا تازەکردنەوەی بەخۆیەوە بینیوە. یەکەم مۆبایلی زنجیرەکەیە کە سکانەری پەنجەمۆرەکەی لە ژێر شاشەکەی جێگیر کراوە. هەروەها سێ کامێرا لەسەر پشتەکەی جێگیر کراون. تەنانەت ئێس ١٠ پڵەس کامێرایەکی تریشی لەسەر ڕووی پێشەوە هەیە.  شاشەکەی بریتییە لە جۆری Infinity-O Dynamic AMOLED کە زۆر قەشەنگە. تایبەتمەندیی tone-mapping ی داینەمیکیی هەیە. کونێکی بچووکی هەیە بۆ کامێرای سێڵفی کە شوێنێکی زۆر بۆ شاشە زیاد دەکات. هەروەها گەورەیە، قەبارەی شاشەکان بەم شێوەیەن؛ ٥.٨ ئینچ، ٦.١ ئینچ و ٦.٤ ئینچ.

نرخەکان بەم جۆرەن:

  • گالاکسی ئێس ١٠ ئی (١٢٨ گێگابایت): ٧٥٠ دۆلار
  • گالاکسی ئێس ١٠ ئی (٢٥٦ گێگابایت): ٨٥٠ دۆلار
  • گالاکسی ئێس ١٠ (١٢٨ گێگابایت): ٩٠٠ دۆلار
  • گالاکسی ئێس ١٠ (٥١٢ گێگابایت): ١١٥٠ دۆلار
  • گالاکسی ئێس ١٠ پڵەس (١٢٨ گێگابایت): ١٠٠٠ دۆلار
  • گالاکسی ئێس ١٠ پڵەس (٥١٢ گێگابایت): ١٢٠٠ دۆلار
  • گالاکسی ئێس ١٠ پڵەس (١ تێرابایت): ١٦٠٠ دۆلار

دەبێ چاوەڕوان بین بزانین لە هەرێمی کوردستان نرخەکان چۆن دەبن.

لێرەدا بە کورتی لەسەر هەریەکێکیان دەدوێین:

گالاکسی ئێس ١٠ – Galaxy S10

گالاکسی ئێس ١٠ ی ستاندارد لەچاو ئێس ٩ بەرەوپێشچوونێکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە. مۆبایلی گالاکسی ئێس ٩ بە مۆبایلی پێشڕەوی زنجیرەی ئێس ناسراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سامسونگ توانی سنوورەکان فراوانتر بکات و ئەو مۆبایلەی پێشتر بە مۆبایلێکی نایاب دادەنراو بەرەو پێشی ببات. شاشەیەکی گەورەی ٦.١ ئینچی هەیە و هەندێک لە مۆدێلەکەی پێش خۆی گەورەترە بەڵام سووکترە و تەنکترە. سامسونگ ڕووی پێشەوەی مۆبایلەکەی نوێ کردۆتەوە، شاشەیەکی نوێی AMOLED Infinity-O ی بۆ داناوە و زۆربەی ڕووی پێشەوەی بۆ شاشە تەرخان کردووە (ڕێژەی شاشە بۆ لاشەکەی بریتییە لە ٪٩٣.١). سکانەرێکی پەنجەمۆری زۆر وردکار لە ژێر شاشەکەی جێگر کردووە. لە بارەی پشتەکەیەوە یەکەی کامێراکان لە ستوونییەوە کراوە بە ئاسۆیی و دوو کامێرای تر زیادکراون.

سێ کامێرا تازەکە پێکدێت لە کامێرایەکی ١٢ مێگا پێکسڵ گۆشەفراوان بە کرانەوەی هاوێنەی گۆڕاوی f/1.5-2.4، هەروەها کامێرایەکی ١٦ مێگاپێکسڵی گۆشە هەرە فراوان بە کرانەوەی هاوێنەی f/2.2 و کامێرایەکی ١٢ مێگا پێکسڵی تەلەفۆتۆ بە کرانەوەی هاوێنەیی f/2.4. هەوەها ئەپی کامێراکە تازەکراوەتەوە.

خۆشحاڵ دەبیت بە بینینی شوێنی هێدفۆنی ٣.٥ میلی مەتریی لە شوێنی خۆی. ئەمە سامسونگ دەکات بە یەکێک لەو چەند کۆمپانیایانەی کە شوێنی هێدفۆنی نەگۆڕیوە بە USB-C. هەروەها تایبەتمەندیی بەرگری بۆ تێچوونی ئاو وەکو خۆی ماوەتەوە و بریتییە لە IP68. ئەم مۆبایلە پشتگیریی 2D face scanning دەکات.

ڤێرژنی ئەوروپا پڕۆسێسەری 8nm Exynos 9820 بەکاردەهێنێت بەڵام ڤێرژنی شووێنەکانی تر 7nm Snapdragon 855 بەکار دەهێنێت. هەردووکیان بێ ئەندازە خێران. وا بڕیارە بە بەراورد بە پڕۆسێسەری 845ی ساڵی پێشوو لەڕووی کارکردنەوە ٪٤٠ خێراتر بێت و لەڕووی گرافیکەوە ٪٢٠ خێراتر بێت.

پێویستە تەمەنی باترییەکەشی باشتر بێت. لەکاتێکدا توانای باتری S9 بریتییە لە 3000mAh. لێرەدا تازەکراوەتەوە و کراوە بە 3400mAh کە بە USB-C پشتگیری شەحنکردنەوەی خێرا بەوایەر و بە وایەرلێس دەکات. هەر سێ مۆدێلەکەی گالاکسی ئێس ١٠ پشتگیری شەحنکردنەوەی پێچەوانە بە وایەرلێس دەکەن کە ڕێگەت پێ دەدات مۆبایلی گونجاوی تر لە مۆبایلەکەی خۆتەوە شەحن بکەیتەوە. هەروەها دەتوانێت هێدفۆنەکانی گالاکسی (Galaxy Buds) شەحن بکاتەوە.

شتێکی تر کە لە ئێس ١٠ دا تازەکراوەتەوە بریتییە لە ناوەندی بەکارهێنانی One UI ناوەندێک کە بۆ سۆفتوێری Android 9 Pie بەکارهاتووە. لەچاو ناوەندەکەی پێشوو زۆر سادەکراوەتەوە.

 گالاکسی ئێس ١٠ پڵەس – Galaxy S10+

بەبێ گوێدانە تایبەتمەندیی 5Gی گالاکسی ئێس ١٠ ئەم ڤێرژنە گەورەترینی ئەم سێ مۆدێلە تازەیەیە. شاشەیەکی ٦.٤ ئینچی +Quad-HDی هەیە کە مانای وایە بەبڕێکی کەم چڕی پێکسڵەکانی لە مۆدێلە ستانداردەکە کەمترە. واتە 438ppi بە 550ppi. بەڵام بێگومان هێشتا بەشێوەیەکی ناوازە ڕوونە. لە هەموو ڕوویەکەوە پانێڵەکە وەکو مۆدێلی ئێس ١٠ی ستانداردە، جگە لەوەی کونی کامێرا سێڵفییەکەی گەورەترە. ئەمەش لەبەرئەوە ئەم ڤێرژنە دوو کامێرای سێڵفی هەیە بریتیین لە ١٠ مێگا پێکسڵ بە کرانەوەی هاوێنەی f/1.9 و سێنسەرێکی ٨ مێگا پێکسڵی RGB کە تایبەتە بە هەستکردن بە قووڵیی.

پشتەکەی بە هەمان شێوەی ستانداردەکەیە. یەکەیەکی سێ کامێرا و هەستەوەری پێوانی لێدانی دڵ هەیە. هەروەها هەمان سکانەری پەنجە مۆر لە ژێر شاشەکەی هەیە. لەبەرئەوەی شاشەکەی گەورەترە بەشێوەیەکی سروشتی مۆبایلەکە گەورەترە و قوورسترە. بەڵام لە ٧.٨ میلی مەتر ئەستوورتر نییە. ئەگەر ڤێرژنە سیرامیکییەکە هەڵبژێریت کێشی ١٩٨ گرامە بەڵام ڕەنگە ستانداردەکان سووکترن و بریتین لە ١٧٥ گرام.

لاشەی گەورە لەقازانجی باترییە بەم شێوەیە توانای باتری ئەم مۆبایلە بریتییە لە 4100mAh وایە بەبڕی 1000mAh گەورەترە لە ئێس ١٠ ئی و بەبڕی 700mAh گەورەترە لە ئێس ١٠. بەهەمان شێوە پشتگیری خێرا شەحنکردنەوەی بەوایەر و وایەرلێس دەکات.

لەکاتێکدا مۆدێلە ستانداردەکە ڕامەکەی ٨ گێگا بایتە بەڵام مۆدێلی پڵەس لە مۆدێلە سیرامیکییەکەیدا ڕامی ١٢ گێگابایتە. میمۆرییەکانی بە ١٢٨، ٥١٢ گێگابایت و ١ تێرابایت بەردەستن. ئەمە جیا لەوەی دەتوانیت تا ٥١٢ گێگابایت میمۆری دەرەکیی بەکار بێنیت.

گالاکسی ئێس ١٠ ئی – Galaxy S10e

لەبەرئەوەی گالاکسی ئێس ١٠ نرخی زۆر بەرزترە لە گالاکسی ئێس ٩ بۆیە سامسونگ هەستاوە بە ڕاگەیاندنی ئێس ١٠ ئی (S10e) کە هەرزانترە و تایبەتە بەوانەی توانای کڕینی ئێس ١٠ی ستانداردیان نییە. بەڵام بۆ ئەو نرخە کەمە پێویستە سازش لەسەر هەندێک لە تایبەتمەندییەکانی ئێس ١٠ بکەیت.

ئەم مۆدێلە بچووکترینیانە و شاشەکەی بریتییە لە ٥.٨ ئینچ. وردی پیشاندانی بریتییە لە +Full-HD کە ئەوە وردیی پیشاندانی هەموو مۆبایلەکانی گالاکسی ئێس ١٠ەیە لە بنەڕەتدا بەڵام ئەوانی تر بژاردەی بەرزی +Quad-HD یان هەیە. ئەمەیان شاشەیەکی تەختی هەیە لەکاتێکدا شاشەی ئەوانی تر چەماوەیە و بەشێوەیەک لاتەنیشتەکانی شاشەکەی گەورەترن.

هەروەها سووکترینیانە و کێشی بریتییە لە ١٥٠ گرام. توانای باترییەکەی بریتییە لە 3100mAh. سامسونگ ناچاربووە هەندێک ئەستووتر درووستی بکات و ئەستوورییەکەی بریتییە لە ٧.٩ میلی مەتر. وەکو ئەوانی تر بە USB-C شەحن دەبێتەوە و پشتگیری شەحنکردنەوەی خێرای بەوایەر و وایەرلێس دەکات.

لەبری ئەوەی سکانەری پەنجەمۆرەکەی لەژێر شاشەکەی بێت، لەسەر دووگمەی داگیرساندن/کوژاندنەوە جێگیر کراوە. هەروەها سێنسەری پێوانی لێدانی دڵی نییە، سێیەم کامێرای تەلەفۆتۆ کە بریتییە لە ١٢ مێگاپێکسڵ لابراوە  باقی کامێراکانی تر لەشوێنی خۆیانن. کامێرای سێلفیەکەی وەکو هی ئێس ١٠ وایە.

هەمان پڕۆسێسەر بەکاردەهێنێت بەڵام ڕامەکەی ٦ گێگا بایتە وەکو ستاندارد و ڤێرژنی ٨ گێگابایتیشی هەیە. میمۆرییەکانی بە بژاردەی ١٢٨و ٢٥٦ گێگابایتن. هەوەها دەتوانیت بەهۆی میمۆری دەرەکی بۆ ٥١٢ گێگابایت بەرزی بکەیتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *