چۆن مۆبایلێکی باش هەڵبژێرم؟ (ڕێنمایی کڕینی مۆبایل) سەرنجێک بنووسە

لە ناو سەدان مۆبایلدا هەڵبژاردنی مۆبایلێکی باش ڕەنگە کەمێک قورس بێت. کاتێک دەگەڕێیت بەدوای مۆبایلێکی زیرەکدا، سەرەتا سیستمی کارپێکردن هەڵبژێرە، ئینجا ئەو تایبەتمەندییانەی لای تۆ گرنگن و دواتر نرخەکە لەبەرچاو بگرە تا مۆدێلێکی باشت دەست بکەوێت. بڕیارێکی ژیرانە بدە لە کاتی کڕینی مۆبایلێکی زیرەکدا و ئەو سۆفتوێرە لەبەرچاو بگرە کە تۆ لە ئێستادا بەکاری دەهێنیت.


١. هەڵبژاردنی سیستمی بەکارهێنان

(ئەگەر سیستەمی بەکارهێنان بەلاتەوە گرنگ نییە ئەم بەشە مەخوێنەوە و بچۆرە سەر بەشی دووەم)

  • هەندێک جیاوازی بنچینەیی لەنێوان سیستمەکانی بەکارهێنان بزانە:

ئایفۆن کە سیستمی کارپێکردنەکەی بریتییە لە iOS بەوە ناسراوە کە ئاسانە بۆ بەکارهێنان، سەلامەتە و بەشێوەیەکی خێرا و سەلامەت لەگەڵ بەرهەمەکانی تری ئەپڵ بەیەکەوە کاردەکات. هەرچی سیستەمی ئەندرۆیدە بەوە ناسراوەکە کە بەئاسانی خزمەتگوزارییەکانی گووگڵ ئیش پێدەکات، توانای بەکەسیکردنی هەیە و ئاسایی نرخی هەرزانترە. سیستمێکی تریش هەیە بە ناوی ویندۆز. مۆبایلەکانی ویندۆز کەمتر بڵاون بەڵام زیاتر لەگەڵ بەرهەمەکانی مایکڕۆسۆفت دێنەوە. لەهەندێک مۆدێلی دیاریکراودا باشترین سۆفتوێری کامێڕا پێشکەش دەکات.

  • نرخی مۆبایلەکە دیاری بکە:

مۆبایلەکانی iOS (ئایفۆن) ئاسایی لە مۆبایلەکانی ئەندرۆید گرانبەهاترن. لەناو کۆمپانیاکانی مۆبایلدا، ئەپڵ و سامسونگ ئاسایی گرانبەهاترینن، ئەمە لەکاتێکدا کۆمپانیاکانی وەکوو هواوی، مۆتۆرۆلا، نۆکیا و ئەوانی تر مۆبایلی هەرزانتر پێشکەش دەکەن

  • ئەو ئامێرانە و سۆفتوێرە لەبەرچاوبگرە کە بەکاریان دەهێنیت:

ئەگەر کۆمپیوتەر یان تابلێتێکت هەیە ئەوا بە هەڵبژاردنی مۆبایلێک کە لەگەڵ پشتگیری پەرەپێدەرەکەی بگونجێت ئەزموونی باشترین ئاستی بەکارهێنان لەگەڵ خزمەتگوزارییەکانی و سۆفتوێرەکەی دەکەیت (بۆ نموونە کۆمپیوتەرەکانی ئەپڵ و ئایپادەکان لەگەڵ ئەپەکانی ئایفۆن گونجاون). لەگەڵ ئەوەشدا، تێبینی ئەوە بکە کە هەموو مۆبایلێک دەتوانێت لەگەڵ بەنزیکەیی هەموو سیستمەکانی کارپێکردنی کۆمپیوتەر ببەسترێت و کاربکات. ئەگەر تۆ بەکارهێنەرێکی سەرسەختی  مایکرۆسۆفت ئۆفیس یان گووگڵ-یت ئەوە لەگەڵ بەکارهێنانی مۆبایلەکانی ئەندرۆید باشترین بەیەکەوەکارکردن و پشتگیری بەدەست دەهێنیت (هەرچەندە تێبینی ئەوە بکە هەردوو مایکڕۆسۆفت و گووگڵ زۆربەی ئەپە بەربڵاوەکانیان بۆ ویندۆزیش درووست دەکەن).

  • ئەو تایبەتمەندییانە دیاری بکە کە پێویستتن:

هەر سیستمێکی بەکارهێنان هەندێک تایبەتمەندی لەپێشینەی هەیە لەکاتێکدا تایبەتمەندییە بنچینەییەکانی وەکو ئیمەیڵ، گەڕان بەناو ئینتەرنێت و نەخشەکان لەسەر هەموو سیستمێکی بەکارهێنان بەردەستن. سیستەمی iOS (ئایفۆن) تایبەتمەندی تایبەتی وەک Siri، سکانەری پەنجەمۆر، FaceTime chat و iCloud ی هەیە. سیستمی ئەندرۆیدیش هەریەک لە Google Now و widget ەکانی شاشەی سەرەکیی بۆ بەکەسییکردنی هەن و ڕێگە دەدات بە دابەزاندنی ئەپەکانی سیستمەکانی تر (مانای ئەوەیە دەتوانیت بەرنامە لە ئینتەرنێتەوە دابەزێنیت و لەسەر مۆبایلەکە بەکاریان بهێنیت بەبێ ئەوەی لە Play Store ی ئەندرۆید خۆیەوە بێت). ئێستا زۆربەی مۆبایلەکانی ئەندرۆید-یش خاوەنی سکانەری پەنجەمۆرن و تایبەتمەندیی خەزنکردنیان هەیە لە ئینتەرنێتدا (Cloud Storage) بۆ وێنەکان و زانیارییەکانت و هەروەها پشتگیری Google Drive دەکەن.  مۆبایلەکانی ویندۆز بۆ چالاککردنی دەنگی Cortana بەکاردەهێنن و Live Tiles یان هەیە بۆ بەکەسییکردنی شاشەی سەرەکیی. هەروەها هەریەک لە Word، Excel، PowerPoint و PDFیان هەیە.

  • ئەو ئەپانە لەبەرچاوبگرە کە دەتهەوێت بەکاریان بهێنیت:

زۆرێک لە بەرنامە بەربڵاوەکان (وەکو Google Maps، MS Office وApple Music ) لە هەموو سیستمەکانی بەکارهێناندا بەردەستن. هەرچەندە هەندێک بەرنامە هەن (وەکو iMessage،Facetime و Google Now) تایبەتن بە پلاتفۆڕمەکانی خۆیان. لەبەرئەوە ئاگاداری کۆگای ئەپەکانی هەر یەکێکیان بە تا دڵنیابیت لەوەی ئەو بەرنامانەی تێدایە کە تۆ مەبەستتە بەکاریان بهێنیت. بەشێوەیەکی گشتیی ئەگەر ئەپێکی بەربڵاو لەسەر یەکێک لە سیستمەکانی بەکارهێنان نەبوو ئەوا لەجێگای ئەو بەرنامەیەکی تر هەیە کە هەمان بەکارهێنانی هەیە. بەشێوەی گشتی iOS و ئەندرۆید پشتگیریی ئەپی زیاتر دەکەن وەک لە ویندۆز. هەروەها ئەو بەرنامانەی بە پارە دەیانکڕیت بەستراونەتەوە بە ئەکاونتی کۆگاکەت بۆیە دەتوانیت بیانگوازیتەوە بۆ مۆبایلێکی تر بەڵام دەبێت هەمان سیستمی بەکارهێنانی بەکاربهێنێت.

  • لە کۆتاییدا سیستمێکی بەکارهێنان هەڵبژێرە:

بۆ زۆرێک لە خەڵک فاکتەری یەکلاییکەرەوە بریتییە لە پەسەندکردنی کەسیی. ئەوانەی بەدوای ناوەندێکی سادە و سەلامەتدا دەگەڕێن ئەوا پشت بە iOS دەبەستن. لەکاتێکدا ئەوانەی بەدوای بژاردەی کەسیی و نرخی کەمتردا دەگەڕێن زیاتر مۆبایلەکانی ئەندرۆید و ویندۆز پەسەند دەکەن.


٢. هەڵبژاردنی مۆدێڵێکی مۆبایلی زیرەک

  • قەبارەی شاشەکە هەڵبژێرە:

قەبارەی شاشە لە گۆشەی سەرەوەی لای ڕاست  بۆ گۆشەی خوارەوەی لای چەپ یان بە پێچەوانەوە دەپێورێت. لەکۆتاییدا قەبارەی شاشە دەکەوێتە سەر حەز و ویستی خۆت. لەوانەیە ئەو مۆبایلانەی شاشەیان بچووکترە لەناو گیرفاندا باشتر جیگەیان ببێتەوە و هەرزانتریش بن. خۆ ئەگەر زیاتر سەیری ڤیدیۆی پێ بکەیت یان یاری پێ بکەیت ئەوا لەوانەیە شاشەی گەورە لای تۆ پەسەند بێت. ئایفۆن زنجیرەی SE هەیە بۆ مۆبایلی شاشەی بچوک و زنجیرەی Plusی هەیە بۆ شاشەی گەورەتر. مۆبایلەکانی ئەندرۆید مەودایەکی زیاتری شاشەی جۆراوجۆر پێشکەش دەکەن: مۆدێلی هەرزان و بچووکتر هەن، مۆدێلی ئاست بەرز هەن وەکو زنجیرەکانی Galaxy S یان مۆدێلەکانی Mateی هواوی یان زنجیرە شاشە هەرە گەورەکانی وەک Galaxy Note و شاومی Mi Max.

  • بڕیار لەسەر ئەوەبدە کە دەتەوێت مۆدێلی مۆبایلەکەت تا چەندە تازە بێت:

مۆبایلە تازەکان لە مۆدێلە کۆنترەکانی خۆیان خێراتر و بەهێزترن بەڵام نرخیان گرانترە. بەتایبەت مۆبایلە مۆدێل کۆنەکان بەرنامە مۆدێرنەکان بە زەحمەت ئیش پێدەکەن. بۆ ئاگاداربوون لە نرخ، سازشی باش ئەوەیە بوەستیت تا مۆدێلی تازەی مۆبایلە زیرەکە دلخوازەکەت بەردەست دەبێت بۆئەوەی دواتر سوودمەند بیت لە دابەزینی نرخی مۆدێلەکانی تر. کاتێک مۆدێلێکی تازە دێت بەشێوەیەکی خێرا مۆدێلەکانی تر نرخیان دادەبەزێت بەدەر لە بژاردەی دڵخوازی تۆ، دەبێ لەوە تێبگەیت کە تەکنەلۆجیا زۆر بەخێرایی بەرەوپێش دەچێت، لەبەرئەوە بەردەوام مۆدێلی نوێی مۆبایل ڕادەگەیەنرێت. لەکۆتاییدا هەموو مۆبایلێکی زیرەک کۆن دەبێت

  • بڕی میمۆری هەڵبژێرە:

میمۆری مۆبایلێک (کە بە گێگا بایت دەژمێردرێت) هەژماری بڕی ئەو فایلانەیە (وێنە، ڤیدیۆ و ئەپ) کە دەتوانێت لەخۆی بگرێت لە هەر کاتێکدا. بڕی میمۆری بەشێوەیەکی بەهێز کاریگەریی لەسەر نرخی مۆبایل هەیە لەبەرئەوە بڕی ئەو میمۆرییە لەبەرچاو بگرە کە پێویستتە پێش ئەوەی مۆدێلەکە هەڵبژێریت. ١٦ گێگابایت بەنزیکەیی ١٠٠٠٠ وێنە یان ٤٠٠٠ گۆرانی دەگرێت بەڵام ئەوەشت لەیاد بێت کە لە میمۆری مۆبایلەکەتدا هەموو ئەو بەرنامانەش جێگا دەگرن کە دایاندەبەزێنیت. زۆربەی مۆبایلەکانی ئەندرۆید (جگە لە هەندێکیان) پشتگیریی میمۆری دەرەکیی دەکەن و دەتوانیت بە جیا میمۆری دەرەکییان بۆ بەکار بهێنیت بەڵام ئایفۆن پشتگیری ناکات.

  • کوالیتی کامێرا لەبەرچاوبگرە:

هەرچەندە بەشێوەیەکی گشتی مۆبایلە زیرەکەکان بەوە ناسراون کە وێنەی کوالیتی بەرز دەگرن. بەڵام کوالیتی ڕاستەقینەی وێنە لە نیوان بڕاند و مۆدێلەکاندا دەگۆڕێت. باشترین ڕێگا بۆ زانینی کوالیتی کامێرای مۆبایلێک گەڕانە بەدوای ئەو وێنانەی بەو مۆبایلە گیراون یان خۆت مۆبایلەکە تاقی بکەیتەوە. لەکاتێکدا کۆمپانیاکان بە بڕی مێگا پێکسڵەکان مۆبایلە زیرەکەکانیان بەبازاڕ دەکەن. تایبەتمەندییەکانی وەک ISO، کارکردن لە ڕووناکیی کەمدا، ڕووناکیی و کەمکردنەوەی نۆیز بەهەمان شێوە شتانێکی گرنگن. زۆربەی مۆبایلە زیرەکە مۆدێرنەکان کامێرای سێڵفی، کامێرای سەرەکی و فلاشیان هەیە. ئایفۆنەکان بەوە بەناوبانگن کە هەم لە ڕووی هاردوێر و هەم لە ڕووی سۆفتوێر کوالیتی کامێراکانیان بەرزە.

  • تەمەنی باتری لەبەرچاوبگرە:

تەکنۆلۆجیای باتری بەبەردەوامی بەرەو پێش دەچێت، لەبەرئەوە مۆبایلە تازەترەکان تەمەنی باترییەکەیان درێژترە. هەرچەندە ئەوە بەکارهێنانی تۆیە بڕیار دەدات باترییەکە تا چەند خۆی دەگرێت. قسەکردن بە مۆبایلەکە، گەیمینگ و بەکارهێنانی مۆبایل لە دووری مەودای وایفای هەموویان هۆکارن بۆ دابەزاندنی شەحن بەخێرایی. تێکڕای ماوەی خۆگریی باتری مۆبایلە زیرەکەکان لەنێوان ٨-١٨ کاتژمێردایە. زۆربەی مۆبایلە پێشڕەوەکانی ئەندرۆید باترییەکەیان لێناکرێتەوە. باتری هەموو مۆبایلەکانی ئایفۆنیش بە هەمان شێوە لێناکرێتەوە. هەندێک لە مۆبایلە تازەکان پشتگیری تایبەتمەندی شەحنکردنەوەی خێرا دەکەن بۆئەوەی باترییەکە بەخێرایی شەحن ببێتەوە. کۆمپانیاکان دەڵێن ئەو مۆبایلانەی تایبەتمەندی خێرا شەحنکردنەوەیان هەیە دەتوانن لەماوەی ٣٠ خوولەکدا نیوەی باترییەکە (٪٥٠) شەحن بکەنەوە.


خاڵە سەرەکییەکان کە پێویستە بیانزانیت:

١. بەکارهێنانی iOS ئاسانترە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەندرۆید بژاردەی زیاترت دەداتێ. ئەگەر لەنێوان iOS و ئەندرۆیددا دەتەوێت هەڵبژاردن ئەنجام بدەیت، ئەگەر مەبەستتە شتێکت دەست بکەوێت ئاسان بێت لەبەکارهێناندا، باشترین ئەپەکانت دەست بکەوێت و تازەکردنەوەی سۆفتوێر لەکاتی خۆیدا پێت بگات ئەوا ئایفۆن هەڵبژێرە. ئەگەر بژاردەی زیاتری هاردوێر و بژاردەی هەرزانترت گەرەکە ئەوا ئەندرۆید باشترە.

٢. زیاد لە پێویست پارە بە مۆبایل مەدە. (بێگومان تایبەتمەندی بەرزتر باشترە بەڵام ڕەنگە لە مۆبایلێکی نرخ مامناوەنددا شتێکی زۆر باشت دەست بکەوێت). لە کاتێکدا بۆ نموونە iPhone XS Max ، Galaxy S10 و مۆبایلە ئاستبەرزەکانی ئەندرۆید نرخیان هەندێک گرانە ژمارەیەکی زۆر مۆبایلی تر هەن کە نرخیان هەرزانترە.

٣.  قەبارەی شاشەیەکی گونجاو هەڵبژێرە چونکە زۆر گرنگە. ئەگەر بەکارهێنان بە یەک دەست گرنگە بەلاتەوە یان ئەگەر دەستەکانت بچووکن، ئەوا مۆبایلێک هەڵبژێرە قەبارەی شاشەکەی کەمتربێت لە ٥.٥ ئینچ. ئەگەر حەز بە سەیرکردنی ڤیدیۆی زۆر، گەیمینگ دەکەیت  یان مەبەستتە سود لە حاڵەتی مەڵتی ویندۆ لە ئەندرۆیددا وەربگریت، ئەوا شاشەیەکی گەورەتر هەڵبژێرە. هیشتا بەرهەمهێنەرانی مۆبایل شاشەی گەورە درووست دەکەن بەڵام لەبەرئەوەی کەمێک درێژکۆلانەن لەناو دەستدا ئاسوودەبەخشن. بیرت بێت بۆ شاشە کوالیتی ڕەنگ و ڕووناکیی لە وردی پیشاندان گرنگترن. بوونی شاشەیەکی  4K لەسەر مۆبایل شتێکی باشە هەبێت بەڵام کەمێک زیاد لە پێویست دەردەکەوێت. گرنگی بەوە بدە شاشەکە چەندە ڕووناکە، بۆئەوەی لە دەرەوە کێشەت لەگەڵ بینینی شاشەکەدا بۆ درووست نەبێت، هەروەها چەندە پانیڵەکە ڕەنگاوڕەنگە (لەم بارەدا AMOLED باشترە لە LCD). مۆبایلە هەرە تازەکان HDR پێشکەش دەکەن بۆ زیاتر ڕەنگاوڕەنگ بوون.

٤. گوێ بە ژمارەی مێگا پێکسڵەکانی کامێرا مەدە. لەگەڵ تەمەنی باتری، کامێرا بووە بە گرنگترین تایبەتمەندی مۆبایلە زیرەکەکان. گرنگی بدە بە وردەکارییەکانی وەک کرانەوەی هاوێنە (ژمارەکە تا کەمتربێت باشترە)، هەروەها تایبەتمەندییە تایبەتەکانی وەک دەبڵ کامێرا و جێگیربوونی وێنەی ئۆپتیکاڵی و … بیرت بێت گوی بە مێگا پێکسڵ مەدە.

٥. پڕۆسێسەر گرنگە بەڵام بەپێی پێویستیی. ئێستا تەنانەت مۆبایلە مامناوەندییەکانیش بۆ زۆرێک لە بەکارهێنەران کارکردنێکی باش پێشکەش دەکەن. بەڵام گەر بەهێزترین پڕۆسێسەرت دەوێت بۆ گەیمینگ و نزیکبوونەوە لە ڕاستەقینەیی، ئەوا ئەو مۆبایلانەی ئەندرۆد بکڕە کە بەرزترین پڕۆسێسەرەکان بەکاردەهێنن.

٦- مۆبایلێک مەکڕە کە یەک شەحنی تەواوی بەشی کەمتر لە ١٠ کاتژمێر دەکات. ئێستا تەنانەت مۆبایلە هەرزانەکانیش تەمەنی باترییەکەیان درێژە. بۆیە گرنگی بە بڕی باتری مۆبایلەکە بدە.

٧- با میمۆری مۆبایلەکەت بەلایەنی کەمەوە ٣٢ گێگا بایت بێت. ئەو مۆبایلانەی میمۆرییەکەیان ١٦ گێگابایتە تەنانەت ئەگەر هەرزانیش بن بەشی پێویستیی ناکەن. ئەگەر دەتەوێت گەیم، وێنە و ڤیدیۆ خەزن بکەیت ٣٢ گێگا بایت یان زیاتر هەڵبژێرە. ئێستا ٦٤ گێگا بایت بووە بە ستانداردی تازە بۆ مۆبایلە پێشڕەوەکان. خۆ ئەگەر مۆبایلەکە ڕێگە بە میمۆری دەرەکی بدات شتێکی باشە، بەڵام ئەمە تەنها بۆ هەندێک لە جۆرەکانی ئەندرۆیدە.

٨. لە کۆتاییدا بیرت نەچێت ئێمە لە وێبسایتی شتومەک وردەکاری سەرجەم مۆبایلەکانمان بە خاڵی باش و خراپەوە هەروەها بە شێکردنەوەی پێویستەوە نووسیوە. دەتوانیت یەک بە یەک زانیاری تەواو دەربارەی هەموو مۆبایلەکان بخوێنیتەوە و بەوپەڕی دڵنیاییەوە بڕیار بدەیت کە دەتەوێت چی بکڕیت.

مۆبایلەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *